Share |

فەرهاد پیرباڵیش بووە گۆرانیبێژ

فەرهاد پیرباڵ

 

دواجار فەرهاد پیرباڵ، مامۆستای زانكۆ كە ساڵانێكە سەرقاڵی نووسینی چیرۆك و رۆمان و شیعر و لێكۆڵینەوەیە، بڕیاریدا گۆرانیش

بڵێت.
ئێوارەی 11/3/2012 بۆ یەكەمجار لە هوتێلی چوارچرا، د.فەرهاد پیرباڵ، كۆنسێرتێكی گۆرانی سازكرد كە زیاتر لە 100 كەس ئامادەیبوون، كۆنسێرتەكەشی وەك كۆڕە شیعرییەكانی خەڵكی دەهێنایە پێكەنین.
فەرهاد پیرباڵ تاوەكو ئێستا دەیان چیرۆك و رۆمان و شیعر و پەخشانی نووسیوە، بەڵام ئێستا بە وتەی خۆی خەریكی تۆماركردنی سیدییەكە و دەیەوێ لەبواری گۆرانیگوتنیش جێ پەنجەی دیاربێت.
سێ ساڵە د. فەرهاد پیربال، مامۆستای بەشی میوزیكە لە كۆلیژی هونەرە جوانەكان، ئەو شانازی بەوە دەكات، كە مامۆستایە لەو بەشەدا، وەك خۆی باسیدەكات، قوتابییەكانی ئەویان هانداوە بۆئەوەی گۆرانی بڵێ. فەرهاد دەڵێ “پێشتر وێنەم تێكەڵ بە شیعر كردووە، ئێستاش دەمەوێ مۆسیقا لەنێو شیعرەكانم بتەقێنمەوە”.

دوو گۆرانی یەكەمین ئەلبوومی كلیپ دەكات

 د. فەرهاد دەیەوێ چەند گۆرانییەك تۆماربكات و لە ئەلبوومێكدا بڵاویانبكاتەوە “زۆرجار باوكم لە ماڵەوە گۆرانی دەگوت و دایكیشم زۆر حەزی لەو گۆرانیانە بوو، دەمەوێ بە یادی دایك و باوكم ئەو گۆرانیانە لە ئەلبوومێكدا كۆبكەمەوە”. پیرباڵ گوتیشی “زۆرجار لە كافتریای كۆلیژی هونەرەجوانەكان بە دەنگی بەرز گۆرانی (فاتیمە)ی عەلی مەردان دەڵێم”.
فەرهاد گوتی “لەگەڵ هونەرمەند فەرهەنگ غەفوور قسەمان لەوبارەیەوە كرد، ئەو سیدیەی كە كاری بۆ دەكەم، 13 تراكە، بەشێكی شیعر و ئاوازەكانی خۆم دامناون ، هەندێك لە ئاوازەكانی توركمانین، ئاوازی یەكێك لە گۆرانییەكانیش ئاوازی هونەرمەندی گەورەی كورد مشكۆیە”.
بە بڕوای فەرهاد پیربال، پێش هەموو شتێك مۆسیقا دەنگە، بۆیە حەزی لە كلیپكردنی گۆرانییەكانی نییە، بەڵام لەسەر داوای هاوڕێیەكانی دوو گۆرانی كلیپ دەكات “لە كلیپەكاندا ئافرەتم لەگەڵدایە و نێرەكەر لە دەوری خۆم كۆناكەمەوە”.

دەمەوێ مۆسیقا لەنێو شیعرەكانم بتەقێنمەوە

وەك خۆی باسیدەكات، خانەوادەكەی هیچ كاتێك رێگەیان لە كارەكانی نەگرتووە، بەڵكو هانیان داوە. خوشك و خوشكەزاكەی لەكاتی كۆنسێرتەكەی لە پێشەوە دانیشتبوون و بە گۆرانییەكانی پێدەكەنین “من گۆرانی بۆ قوتابی و گەنج و هاوڕێیانم دەڵێم، گۆرانی بۆ بەرپرسەكان ناڵێم”.
مێڤاندار ئەمین، یەكێك لەو موزیكژەنانەیە كە لە سیدییەكەی فەرهاد پیرباڵ مۆسیقا دەژەنێ گوتی “شەرەفێكی گەورەیە بۆ من كە لەگەڵ فەرهاد پیربال گۆرانی دەڵێم، ئەو لەو سیدییەی زۆر سەركەوتوو دەبێت، ئەمەش لە كۆنسێرتەكەیەوە دیارە، كە خەڵكێكی زۆر ئامادەبوون و زۆر دڵخۆش بوون بە گۆرانیەكانی”.
هێمن سەڵاح، یەكێكی دیكەیە لە موزیكژەنەكان كە دەنگی فەرهاد پیرباڵی زۆر پێخۆشە و گوتی “سەرسام بووم كاتێك هەواڵی ئەوەم بیست كە فەرهاد پیربال بە نیازی تۆماركردنی سیدییەكی گۆرانییە، هەرچەندە ئەو دەنگی خۆشە، بەڵام پێویستە زیاتر پەرە بە دەنگی بدات”.

 

 

پێشەوا هەورامی
رووداو -هەولێر