Share |

هونەرمەندا شێوەکاری رازە، ”لەنێو هونەردا ژیان و ئاسوودەیی دەدۆزمەوە“

رازە، وازی لە جیۆلۆجیا هێناوە و نیگار دەكێشێت
رازە، وازی لە جیۆلۆجیا هێناوە و نیگار دەكێشێت

رازە رەزا، کچەهونەرمەندێكی تەمەن 23 ساڵانە و دانیشتووی شاری سلێمانییە، زانستی جیۆلۆجیی لە زانکۆی سلێمانی خوێندووە، ئێستاش کاری شێوەکاری دەکات. لە دیمانەیەکی تایبەت بە (باسنیوز)دا، باسێک لە هونەرەکەی دەکات و دەڵێت: "شێوەکاری یەکێک بووە لە خولیاکانم و لە منداڵییەوە دەستم بە وێنەکێشان کردووە، بە بەردەوامی و سەرنجدانە دەستی هونەرمەندەکان، گرنگیم بە هونەرەكە داوە و توانیومە بگەمە ئاستێک خۆم لێی رازیم، دوای تەواوکردنی خوێندن و نەبوونی هەلی کار لە بواری پسپۆرییەكەم، زیاتر پەرەم بە هونەری شێوەکاری دا و ئێستا وەک بزنسێکی بچووکە بۆم، خۆشەویستیشم بۆ کارەکەم زۆرە و دەتوانم بەرەو پێشەوەی بەرم، شێوەکاری کاری سەرەکییمە و هەمیشە کاتێکی زۆری بۆ تەرخان دەكەم، لەو بوارەدا سۆشیاڵ میدیاش زۆر هاوکارم بووە."

 

-هونەر لای تۆ چی دەگەیەنێ؟

رازە رەزا: مانای هونەر لە ناخی کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیكە دەگۆڕدرێت، لە هونەردا ئاسوودەبوون و ژیان ئەدۆزینەوە، شێوەکاری متمانە بەخۆبوونم زیاد دەکات، کاتێک دەبینم دەتوانم ئەندازەی شتەکانی چواردەورم بکەم و بیخەمە سەر ڕووکەشەکەی بەرامبەر و بە فڵچەکان ڕەنگ بە بەریاندا بکەم، هەمیشە هانی بەردەوامبوونم دەدات، چونكە چاو و دیدگای شێوەکار لە کەسانی ئاسایی جیاوازترە.

 

-چۆن كەسێك دەتوانێ ببێت بە شێوەکار؟

رازە رەزا: بۆ فێربوونی شێوەکاری، سەرەتا بەهرە و خۆشەویستی و خولیا گرنگتر و لەپێشترە لە ناوەندێکی ئەکادیمی، کە ئەمەیان تەنیا یارمەتیدەرێکە، خودای گەورە بەپێی توانا و سروشتی مرۆڤ، بەهرەیەکی پێ دەبەخشێت، یەکێکیش لەوانە شێوەکارییە، سەبارەت بە خۆم، لە هیچ ناوەندێک، یاخود کۆرس و فێرگەیەک بەشدارییم نەکردووە، بۆ زیاتر ئاشنابوون و قووڵبوونەوە لە هونەرەکە، کتێب یاخود سەرچاوەکان لە ئینتەرنێتدا یارمەتیدەرم بوون.

 

-لە کاردا ڕەگەز دەوری هەیە؟

رازە رەزا: هەمیشە لە کاردا باس لە ڕەگەز و توانایەکی زۆر ناکرێت، باس لە لێهاتوویی و شارەزایی دەکرێت، کاری هونەرییش بۆ هەر خانمێک هەرگیز کارێکی قورس نییە، پەیوەستە بە توانا و لێهاتوویی خانمەکەوە، هەروەها بۆ کاری شێوەکاری، زۆر بەئاسانی دەتوانی ئامرازەکانی دەستت بەکار بهێنیت و بەردەستی بخەیت.

 

پەریهان عومەر – باس نيوز