Share |

گۆرانیبێژ لەیلا فەریقی ئەلبوومێکی نوێی بڵاوکردەوە

خانمە گۆرانیبێژ، لەیلا فەریقی، نوێترین ئەلبوومی گۆرانیی خۆی بەناوی"ECHOES OF THE PAST" بڵاوکردەوە.

  ئەلبوومەکە ١١ گۆرانی لەخۆدەگرێت، بەناوەکانی "گلەیی"، "نهێنی"، "لێت دوور ببم"، "خۆشمدەوێی"، "بڕۆ"، "وا نەزانی"، "گەڕاندنەوە"، "مناڵی"، "منیش لێرەم"، "نفرین" و "کوردستان".

 

 هەڵکەوت زاهیر ئاوازی بۆ تێکڕای گۆرانییەکان داناوە و تێکستی گۆرانییەکان، لەلایەن ئاوازدانەر خۆی، رەنج سەنگاوی، حەمەسەعید حەسەن، د.ئاراس عەبدولکەریم، سامی ئەرگوشی، محەممەد حاجی قادر، کاوە شێخ و دەرباز یونس نووسراون.

 

کاری تۆمارکردنی میوزیکی ئەم بەرهەمە لە قاهیرە لە میسر ئەنجامدراوە و کاری ماسترینگی لە لەندەن لە بەریتانیا و یەحیا ئەلموگی کاری دابەشکردنی میوزیکی بۆ تەواوی گۆرانییەکان کردووە.

 

 لەیلا فەریقی خەڵکی مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستانە و خوشکی خانمە گۆرانیبێژی کۆچکردوو، مەرزییە فەریقییە، لە دوای مردنی دایک و باوکی لەگەڵ برا گەورەکەی دەچنە سنە و لە ساڵی ١٩٩١ـدا روودەکاتە سوید.

 

 دەستپێکی گۆرانییەکانی ئەو گۆرانیبێژە بە گوتنەوەی گۆرانییەکانی هونەرمەند تاهیر تەوفیق بووە و یەکەم ئەلبوومی خۆی لە ساڵی ١٩٩٧ـدا بەناوی "ئەستێرە" لە سوید بڵاوکردەوە.

 

 لە ساڵی ٢٠٠٠ دووەم ئەلبوومی بەناوی "سیاچەمانە" بەهاوکاری لەگەڵ کۆمپانیای "سکای ڤیژن پرۆدەکشن" لە سوید بەرهەمهێنا، لە دوای دوو ساڵ و لەگەڵ هەمان کۆمپانیا، سێیەم ئەلبوومی خۆی بەناوی "ئەوین و ئازار" بەرهەمهێنا.

لە ساڵی ٢٠٠٧ـدا یەکەم ئەلبوومی خۆی بەرهەمهێنا کە تەواوی ئاوازەکانی هەڵکەوت زاهیر ئامادەیکردبوون و بەناوی "گوێم لێگرن" بوو. یەکێک لە گۆرانییەکانی نێو ئەو ئەلبوومە بە دوێت لەگەڵ گۆرانیبێژی میسری عەلی حەجار بوو.

– ZNAهەولێر