ناوەندی ڕۆشنبیری و ئەدەبیی (ماڵی وەفایی) لەسەر لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) وەك مژدەیەك بۆ خوێنەران بڵاوی كردووەتەوە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دوو بەرهەمی نووسەر و سینەماکاری ناوداری کورد (هنێر سەلیم) بە زمانی کوردی چاپ و بڵاو دەکرێنەوە.
(ماڵی وەفایی) سەبارەت بەم دوو بەرهەمە نووسیویەتی: ”ئەم دوو بەرهەمەی هنێر سەلیم بریتین لە دوو رۆمان بە ناوەكانی (تفەنگەكەی باوكم) و (ئەز و ئەز) كە یەکەمجار بە زمانی فەڕەنسی بڵاو كراونەتەوە و پاشان بۆ سەر چەندین زمانی زیندووی دنیا وەرگێڕدراون"
رۆمانی (تفەنگەكەی باوكم) لەلایەن وەرگێڕ (رێدیار دیاری) لە زمانی ئینگلیزییەوە كراوەتە كوردی و رۆمانی (ئەز و ئەز)یش لە زمانی عەرەبییەوە لە لایەن نووسەر و وەرگێڕ (نووری بێخاڵی) كراوەتە كوردی و هەردوو رۆمانەكە لەم رۆژانە چاپ و بڵاو دەكرێنەوە.
(هنێر سەلیم) نووسەر و سینەماکاری ناسراوی کورد، کە لە میدیاکاندا بە (هونەر سەلیم) دەناسرێت، ساڵی 1964 لە ئاکرێ لەدایک بووە، بەهۆی سیاسەتەکانی ڕژێمی بەعسەوە، خۆی و بنەماڵەکەی تووشی نەهامەتی و دەربەدەری هاتوون و لە تەمەنی 17 ساڵیدا بەرەو ئیتالیا و پاشان لە فەڕەنسا گیرساوەتەوە. هنێر سەلیم لەپای بەرهەمەکانی چەندین خەڵاتی بەدەست هێناوە.