Share |

چوارەمین دیداری هونەری شێوەکاری بوون لە کۆبانێ

پرسی ژنان و ئاوارەبوون و ئەو وێرانکارییەی کە سوریا لە ئەنجامی جەنگدا تووشی بووە و کاریگەرییەکانی ئەو بوومەلەرزەیەی ئەم دواییە کە ناوچەکەی گرتەوە، بەسەر تابلۆکانی ئەو هونەرمەندە شێوەکارییانەدا رەنگی دابوەوە، کە بەشداربوون لە وۆرکشۆپی “سیمپۆزیۆم”دا لە کۆبانێ، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی چوارەمین کۆڕبەندی هونەرە شێوەکارییەکان لە رۆژئاوای کوردستان.

شەممەی 20-5-2023 ، چالاکییەکانی چوارەمین دیداری “رۆژئاڤا” بۆ هونەری شێوەکاری لەژێر دروشمی “پێکەوە بۆ ئەوەی هونەر بکەینە بەهاری دڵەکان” لە شاری کۆبانێ کرایەوە ، تیایدا 20 هونەرمەندی شێوەکاری لە ژن و پیاو  لە  شارەکانی: حەڵەب، کۆبانێ، مەنبیج، رەققە، حەسەکە، قامشلۆ و گوندەواری باکووری حەڵەبەوە بەشدار بوون.

کۆڕبەندەکە بەسەر دوو بەشدا دابەشکرابوو، یەکەمیان؛ وۆرکشۆپی “سیمپۆزیۆم” لە شاری کۆبانێ بۆ ماوەی شەش رۆژ، لە رۆژی شەممەوە دەست پێدەکات تا رۆژی هەینی بەردەوام دەبێت، بەشی دووەمی دیدارەکە بریتییە لە ئەنجامدانی پێشانگای ساڵانەی هونەری شێوەکاری لە شاری قامیشلۆ، لە 28 تا 30 ی ئایار بەردەوام دەبێت.

ژن لە پەیوەستی

حەمود سلێمان، هونەرمەندی ناسراوی شاری رەققە کە بەشداریی لە دیدارەکەدا کردووە، بە نۆرس پرێسی راگەیاندوو، ژنان بۆ ئەو وەک هونەرمەندێک و بۆ هەموو هونەرمەندان پەیوەستییەکن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “مێینە بە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی کۆمەڵایەتی ئێمەدا دادەنرێت، هەربۆیە پێکهاتەیەکی جەوهەری تابلۆی هونەری پێکدەهێنێت، ڕەنگە مێینە ئەشکەنجە بدرێت، بچەوسێنرێتەوە، یان بێبەش بکرێت”.

ئەو هونەرمەندە لە وۆرکشۆپی “سیمپۆزیۆم”دا بە دوو تابلۆ بەشداری دەکات، یەکەمیان لەسەر ژنان، دووەمیان لەسەر ئاوارەبوون.

سەبارەت بە تابلۆی دووەمیش، کە “سلێمان” تێدا دەشتەکانی کۆبانێ و ئاوارەبوونی دانیشتوانی ناوچەکە نمایش دەکات، لە کاتی شەڕی “داعش”دا، کە چۆن تەماشاکەرانی ئەم دۆخە مرۆییە بەهۆی شەڕەوە خۆیان لەناو دۆخەکەدا ژیان.

لە لایەکی دیکەوە، “ئەمال بەیتار”، هونەرمەندی شیوەکاری خەڵکی رەققە، باس لەوە دەکات کە ژنان لە تابلۆکانی زۆربەی هونەرمەندانی شێوەکاریدا ئامادەن، چونکە ژنان هەموو بارودۆخەکانی هونەرمەندی شێوەکاری بەرجەستە دەکەن، ژن وەک عاشق، وەک شەڕڤان، و وەک دایک.

“بەیتار” لە ئێستادا سەرقاڵی ئامادەکردنی پێشانگایەکی تەواوە لەسەر ژنان، چونکە ژنان توانای نوێنەرایەتیکردنی هەموو پێکهاتەکانیان هەیە، بەپێی بۆچوونی ئەو، جگە لەوەش گرنگیدان بە کێشانی تابلۆکان کە ژنان بەرجەستە دەکەن، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ژنان بە گەورەترین کۆکەرەوە دادەنرێت بۆ هەستەکان لای هونەرمەند.

ئەو هونەرمەندە شێوەکارە بەشداری دوو بەرهەمی کردووە، یەکێکیان لەسەر پێکهاتەی کورد بووە، کە تیایدا جلی کوردی لەگەڵ جلی عەرەبی تێکەڵ کردووە لە “پۆرترێت”ی ژنێکدا، چونکە هونەرمەند کاریگەرە بەو ژینگەیەی تێیدا دەژی، وەک خۆی دەڵێت.

ناوبراو بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکردووە، تابلۆی دووەم نوێنەرایەتی ژنێکی خەباتکار دەکات، “چونکە ژنی بەرگریکار دروشمی ئازادی و ئاشتییە لە هەموو بوارەکاندا”.

بەیتار ئاماژە بەوە دەکات کە دیدارەکە بەشداری کردووە لە ئاڵوگۆڕی ئەزموون و کولتوورەکانی نێوان هونەرمەندان، هەروەها بەشداریکردنی ژنە هونەرمەندە شێوەکارەکان جێگەی سەرنج بووە، چونکە بە شێوەیەکی سەرەکی تابلۆیان بەرهەمهێناوە کە ژنان بەرجەستە دەکەن.

جەنگ و بوومەلەرزە

لای خۆیەوە ئەهریمەن حەسەن، هونەرمەندی ناسراوی خەڵکی عەفرین، کە لە گوندەواری باکووری حەڵەب نیشتەجێیە، باس لەوە دەکات، ویستوویەتی ئەو ڕووداوانە بگەیەنێت کە لەگەڵ خەڵکی ناوچەکەی خۆی لە عەفرین روویانداوە، ئەو ئازارەی کە دانیشتووانەکەی تووشی بووە، لە تابلۆیەکدا کە واقیعی ئەو کۆمەڵگایە دەگێڕێتەوە بەرجەستە بکات.

ناوبراو بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، تابلۆکەی پیشاندەری واقیعی جەنگ لە سوریا دەکات بە گشتی و لە عەفرین بەتایبەتی، بەو پێیەی تابلۆکە گوزارشت لە سروشتی عەفرین دەکات، هەروەها وێرانکردنی خانووەکانی ئەوێ، هەروەک چۆن شەڕەکە بووە هۆی وێرانکردنی ماڵەکان لە عەفرین، پاشان بوومەلەرزەکە روویدا و کاریگەری زۆری لەسەر سەرلەنوێ رووخاندنی ماڵی هاوڵاتیان هەبوو.

 

 

کۆبانێ – نۆرس پرێس

ئاماده‌كردنی: فەتاح عیسا –  داڕشتنه‌وه‌ی: ئەحمەد عوسمان